چادریان هەڵداوەو ناڕۆنەوە
خۆپیشاندەران رێگای مەرزی پەروێزخانیان داخست
+964
دانیشتووانی گوندی پەروێزخان لە گەرمیان رێگای مەرزەکەیان داخست.
خەڵکی ئەو گوندە هەفتەی پێشوو گردبوونەوە وتیان ئەگەر تا چوارشەممە بە قسەیان نەکرێت رێگاکە دادەخەن و ئەو مەرزە پەکدەخەن کە یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران.
خەڵکی گوندەکە داوای قەرەبووی ئەو زەویانەیان دەکەن، کە بەر شەقام و فراوانکردنی مەرزەکە دەکەوێت، دەڵێن دەشمانەوێت لە داهاتی مەرزەکە سوودمەند بین.
خالید حەمید وتەبێژی خەڵکی گوندەکە بە پەیامنێری 964ی وت زیاتر لە 450 دۆنم زەوییان حیجزی خراوەتە سەر و بەر فراوانکردنی مەرزەکە دەکەوێت، دەشڵێت ”لەمەرزەکە 1800 بارهەڵگری هێڵ هەیە، ئێمە داوای 100 دانەیان دەکەین”.
هەفتەی پێشوو خەڵکی گوندەکە وتبوویان ئەگەر تا چوارشەممەی داهاتوو وەڵامیان نەدرێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت، بە خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە چادر هەڵدەدەن و رێگای مەرزەکەش دادەخەن، ئەمڕۆ ئەوەیان کرد.