لە قەڵادزێ هەست بە بوومەلەرزە کراوە
+964
ژووری هەواڵ
ئەم بەرەبەیانە لە قەڵادزێ خەڵک هەستیان بەو بوومەلەرزەیە کردووە کە چەقەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
964 لە زاری چەند کەسێکی دانیشتووی قەڵادزێ و دەوروبەری بیستی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەستیان بە بوومەلەرزە کردووە، هەندێکیان وتویانە بەهێز بووە و هەندێکی تریش دەڵێن بەسووکی هەستیان پێکردووە، جگە لەقەڵادزێ لە ناحیەکانی ژاراوەو سەنگەسەریش هەستی پێکراوە.
پەیامنێری 964 لە قەڵادزێ وتی لەبەر ئەوەی خەڵک لەخەودا بوون بۆیە زۆر هەستی پێ نەکراوە.
لەسەر ئەو وێبسایتانەی چاودێری بوومەلەرزە دەکەن دەرکەتووە چەقی بوومەلەرزەکە شاری میراوای رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کاتژمێر 4:10 خولەکی بەرەبەیان روویداوە و گوڕەکەشی 3.4 بووە، نوسراویشە ”لەلایەن خەڵکەوە هەستی پێکراوە.. کەم زیانە”.
عەباس محەمەد لێپرسراوی کەشناسی قەڵادزێ – هەڵشۆ بە 964ی وت ”گوڕی بومەلەرزەکە کەم بووە و هیچ زیانێکی نەبووە”.