ئه‌وقافی ئاكرێ: مامۆستاكه‌مان سزا نه‌داوه ‌

داواى نه‌وتى بۆ مزگه‌وت كرد و لە وتاربێژى دوورخرایەوە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

مامۆستایه‌كى وتاربێژ له‌ سنوورى ئاكرێ ده‌ڵێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داواى نه‌وتى له‌ خه‌ڵك بۆ مزگه‌وته‌كه‌ى كردووه‌، له‌لایه‌ن ئه‌وقافه‌وه‌ سزادراوه‌، ئه‌وقافیش ده‌ڵێت “سزا نه‌دراوه‌، به‌ڵكو رێكارى ئیداریمان جێبه‌جێ كردووه‌”.

مەهدی عیسا زێباری، وتاربێژی مزگه‌وتى خرته‌ى ژوورو سەر بە قەزای ئاکرێ، له‌ وتارى هه‌ینى رابردوو، داواى له‌ ئاماده‌بوونى مزگه‌وت كردووه‌ نه‌وت بۆ مزگه‌وته‌كه‌یان دابین بكه‌ن، چونكه‌ ماوه‌ى دووساڵه‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف نه‌وت دابین ناكات.

964  ڤیدیۆى ئه‌و به‌شه‌ى وتارى مامۆستاكه‌ى ده‌ستكه‌وتووه‌، كه‌ داواى نه‌وتى له‌ ئاماده‌بووانى مزگه‌وته‌كه‌ى كردووه‌، ده‌ڵێت “خێرێكی گه‌وره‌یه‌ نه‌وت بۆ ماڵى خودا دابین بكه‌ن”.

مامۆستا مه‌هدى به‌ 964ـى وت، كاتژمێر 7:00ـى ئێواره‌ى هه‌ینى له‌لایه‌ن ئه‌وقافی ئاكرێ په‌یوه‌ندی پێوه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌ له‌ سۆشیال میدیاكه‌ى بسڕێته‌وه‌، كه‌ داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كات نه‌وت بۆ مزگه‌وت دابین بكه‌ن.

وتیشی “بۆ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ بانگى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تىی ئه‌وقافی ئاكرێ كرام و پێیان وتم نابێت تۆ به‌و شێوه‌یه‌ ره‌خنه‌ بگریت و كه‌موكوڕییه‌كانى مزگه‌وت باس بكه‌ى”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، سه‌رپێچی نه‌كردووه‌ له‌ كارى وتاربێژى و لە بارەی نه‌بوونى نه‌وتیش شتێكی هه‌ق و راستى وتووه‌.

به‌ قسه‌ى ئه‌م مامۆستایه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌وقافی ئاكرێ پێی راگه‌یه‌ندراوه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ مزگه‌وتێكی دیكه‌ به‌ ناوى (سناعه‌) و بۆیشی نییه‌ وتاربێژى بكات، “پێیان وتووم ته‌نیا ده‌بێت پێشنوێژى بكه‌یت”.

ئه‌وقافی قه‌زاى ئاكرێ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و مامۆستایه‌یان سزادابێت و‌ دووریان خستبێته‌وه‌.

جه‌وهه‌ر حه‌دێ، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وقافی ئاكرێ به‌ 964ـى راگه‌یاند، “ئه‌وه‌ى له‌ به‌رامبه‌ر مامۆستا مه‌هدى عیسا كراوه‌ ته‌نیا رێكارى ئیدارى بووه‌ و گواستنه‌وه‌ى بووه‌ بۆ مزگه‌وتێكی دیكه‌”.

دوو سیمبولەكەی ئاكرێ مەترسی لەناوچونیان لەسەرە

دوو سیمبولەكەی ئاكرێ مەترسی لەناوچونیان لەسەرە