سیستەمی شۆڤاژ لە ژێر چاودێریدایە

لە 27 کۆمپانیا 13یان داخراون

شاخەوان عومەر

لە کۆی 27 کۆمپانیا 13 کۆمپانیای شۆڤاژ مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە، هەوڵ هەیە لە پێنج ساڵ داهاتوودا سیستمی کۆگاکردنی غاز لە ماڵان و شوێنە گشتییەکاندا نەمێنێ و دەکرێتە بۆریکێش

سیستمی شۆڤاژ، گەرمکردنی ماڵانە لە رێگای غازی شل لە جیهان و هەرێمی کوردستانیشدا، بەڵام کێشەی ئەو غازە خێرا گڕگڕتنییەتی، پارساڵ لە دوو رووداوی جیاوازدا تەقینی غازەکە لە سلێمانی و هەولێر گیانلەدەستدان و برینداربوونی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.

موقەدەم کاروان عەلی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ 964 وتی، پاش رووداوەکانی پار، بۆ ماوەی چەند مانگێگە پڕۆژەکان وەستێندراون، لیژنەکانی پشکنین و چاودێری لە کۆی 27 شوێن کۆمپانیا مۆڵەتی کارکردنیان لە 13یان سەندووەتەوە.

هەر بەوەندەش نەوەستاون، وەک وتەبێژی شارستانی دەڵێت، گەڕان و پشکنین بۆ کەلوپەلی کۆمپانیاکان بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا، سیستمی بۆریکێش جێبەجێ بکڕێت و چیتر غاز لە ماڵەکان کۆگا نەکرێت، بەڵکو بکرێتە یەک کۆگای ناوەندی غاز و لەوێوە دابەشی سەر ماڵان بکرێت، چونکە ئەو پڕۆسەیە سەلامەتترە.