حاسڵاتی ئەم بەیانییە

حاسڵات: دوو رۆژە دەنگی تەق و تۆق لە غەزە نابیسترێت

ژووری هەواڵ

لە رۆژی دووەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڕیارە دیسان حەماس 13 دیلی ئیسرائیلی ئازاد بکات لەبەرامبەر 39 دیلی فەلەستینی کە لەلای حەماسن.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەلەستین دەڵێت: لەوەتەی هێرشەکانی سەر غەزە دەستیان پێکردووە، ئیسرائیل 66 رۆژنامەنووسی کوشتووە. شەش لەوانە ژنن.

وەزارەتی دەرەوەی تایلەند رایگەیاند هێشتا 20 هاوڵاتی وڵاتەکەی لای حەماس ماون، ئەم تایلەندیانە لەناو ئیسرائیل کاری خزمەتگوزارییان کردووە و رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر حەماس فڕاندوونی، رۆژی پێنجشەممە 10 تایلەندی ئازادکران.

جۆ بایدین سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: لەناوبردنی حەماس مافێکی رەوای ئیسرائیلە، داوام لە ناتەنیاهۆ کرد هەوڵبدات ژمارەی کوژراوانی سیڤیل کەم بکاتەوە لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر حەماس.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند سوود لە ماوەی ئاگربەست دەبینن بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانیان و ئامادەکاری بۆ هێرشەکەی سەر غەزە، سوپا دەڵێت دوای تەواوبوونی ماوەی ئاگربەست هێرشێکی چڕو پڕ دەست پێدەکەنەوە.

رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونۆتی ئیسرائیلی دەڵێت بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئیلۆن مەسک سەردانی ئیسرائیل بکات، ناتەنیاهۆ دەبینێت و دەچێتە ئەو کۆمەڵگا جوونشینانەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردنە سەر، ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە مەسک تۆمەتبارکرابوو بە دژایەتی جوو.