سێ هەزار و 800 دەستنووسی تێدایە

کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی دەکرێت بە ناوەندێکی گەشتیاری

پێشەوا محەمەد

وا بڕیارە بینایەکی مۆدێرن بۆ کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی دروست بکرێت و بشکرێت بە ناوەندێکی گەشتیاری.

کتێبخانەکە پاشماوەی کتێبخانەی بابانە و نزیکەی هاوتەمەنی شاری سلێمانییە و سێ هەزار و 800 دەستنووسی ناوازەی تێدا هەڵگیراوە و هەندێکیان بۆ نزیکەی 150 ساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێنەوە.

“ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بڕیاری داوە ئەو کتێبخانەیە وەكو ناوەندێكی زانستی و كەلەپووری و فەرهەنگی و گەشتیاریی ئایینی بپارێزرێت و فراوان بكرێت و خزمەت بكرێت”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانییە بۆ 964.

وتیشی، “تاوتوێی ئەوە کراوە بینایەکی مۆدێرن و هاوچەرخی بۆ بکرێت و بکرێتە ناوەندێکی گەشتیاری تا سەردانی بکرێت و ئەو فەرهەنگ و کولتوورەی تێیدایە بە گەشتیاران پیشان بدرێت”.

شێخ مارفی نۆدێ دەستێکی باڵای هەبووە لە کۆکردنەوەی دەستنووس، هەروەها کاک ئەحمەدی شێخ، کە بە هەردووکیان 170 دەستنووسیان لە کتێبخانەکەدا هەیە.