زبڵ و خاشاک دانیشتووانی گەڕەکی زەمەقیەکانی هەراسان کردووە. فۆتۆ: 964
شارەوانی گلەیی لە خەڵک هەیە
مەترسی لەسەر دانیشتووانی گەڕەکێکی شارەزوور دروست بووە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
بەهۆی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی ئاژەڵان، لە گەڕەکی زەمەقیەکان لە سەنتەری قەزای شارەزوور، مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست بووە
حەمەساڵح عەلی پیاوێکی بەتەمەنی گەڕەکەکەیە، بە 964ی وت، “لە وەرزی هاویندا ئەم پاشماوانە ئاگر دەگرن و بە دەست بۆنی خۆڵ و خاشاکەوە ژیانمان نەماوە، شارەوانی ماوەی ساڵێکە نەهاتوە پاکی کاتەوە “.
وتیشی، “خەڵکی گەڕەکەکانی دیکە لە کاتی تێکدانی خانوو و پاشماوەی خواردنی ماڵەکانیان، بە شەوان دێن لێرە فرێی ئەدەن، رێگری لێنەکەین ئەم خۆڵ وخاشاکە تا ناوماڵەکانمان دەڕوات “.
964 پەیوەندی کرد بە ئەرکان جەلال ئەحمەد، بەڕێوبەری کۆمپانیای گاردین بۆ پاکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە قەزای شارەزوور
ئەو وتی : چەندین جار ئەو شوێنەمان پاکردووەتەوە و رۆژانەش کارمەندەکانمان لەو گەڕەکانەدا کار دەکەن، بەڵام هاوڵاتیانی ئەو سنوورە هەر خۆیان پاکوخاوێنی شوێنەکە ناپارێزن، هەوڵ دەدەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین”.
پێداچوونەوە: شاخەوان عومەر