تیمێک لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان. فۆتۆ: JCC
زیانەکانی لافاو لە ژێر کۆنترۆڵدایە
هەر ماڵێک لێی بقەومێت کەمپ و هۆتێلی بۆ ئامادەکراوە
964+
شاخەوان عومەر
دەزگا بەرپرسەکانی دەڵێن، فریای لافاوەکەی ئەمڕۆ کەوتن و زیانەکانی کەمتر بووەوە، بەڵام بۆ ئەوانەی لێیان دەقەومێت، هۆتێل و کەمپ ئامادە کراوە.
وەک ئەوەی چاوەڕێ دەکرا بارانەکەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەلێزمە بوو، لە هەندێ ناوچەشدا لافاوی دروست کرد، بەڵام بە لێکدانەوەی ئەو دەزگایانەی چاودێریی رەوشەکە دەکەن، بەراورد بە پار زیانەکان کەمتر بووە.
تەیراوە و بەشێکی شەقامی 100 مەتری نزیک نەخۆشخانەی رۆژئاوا و هەولێری نوێ و رێگای شۆڕش و بەحرکە لە هەولێر، لافاو زیانی لێدان، لە کەلاریش لە پشت زانکۆی گەرمیان لافاو زیانی بە ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان گەیاند.
ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی کوردستان بە 964ی وت ” ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئامادەکاریی پێشوەختەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و گۆڕینی رێڕەوی ئاوی باران، زیانەکان زۆر کەمتر بوون”.
لە کوردستاندا سەنتەرێک هەیە بە ناوی “ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان”، لە هەر شوێنێکی کوردستان رووداوێکی نائاسایی هەبێت، ئەم سەنتەرە سەروکاری دەکەن، بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانیش بەشێکە لەو سەنتەرە، بۆیە لە نزیکەوە ئاگایان لێیە لە ناوچە جیاجیاکان چی روودەدات.
ئەو تیمانە خۆیان بۆ ئەو بارەش ئامادە کردووە، کە ماڵێک لێی بقەومێت، نازەنین جەلال دەڵێت ”بۆ ئەو خێزانانەی ماڵیان ژێر ئاو دەکەوێت و پێویستیان بە حەوانەوەیە، بە هاوبەشی دەستەی گەشتوگوزار و دەزگای خێرخوازی بارزانی هۆتێل و کەمپی تایبەتمان ئامادە کردووە.