بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان وا دەڵێت
پەڵەی داوە و جوتیاران دەتوانن بەرھەمەکانیان بچێنن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
جوتیاران چاوەڕێی شەپۆلی باران بارینی ئەم دوو رۆژە بوون تا زەوی پەڵە بدات و دەست بکەن بەچاندنی گەنمی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، تەواو پەڵەی داوە.
لە درەنگانی شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەخوڕی باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، زۆرترین رێژەی دابارین لە هەولێر و دهۆک بووە، ئەمەش بەپێی راگەیاندراوی کەشناسی.
شادیە حوسێن بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ى وت، “لە شەوی رابردووەوە رێژەیەکی زۆرباش باران باریووە، بەتەواوی پەڵەی داوە، دوای ئەم باران بارینەش جوتیاران دەتوانن دەست بە چاندنی بەرھەمەکانیان بکەن”.
بەپێی ئاماری ھۆبەی کەشناسی کشتوکاڵی گەرمیان ڕێژەی باران بارین لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بەم شێوەیە بووە:
کەلار 34.6 ملیم، کۆی گشتی ئەمساڵ گەیشتووەتە 50.8 ملیم.
کفری 12.5 ملیم، کۆی گشتی ئەمساڵ گەیشتووەتە 49.5 ملیم.
خانەقین 24 ملیم، کۆی گشتی ئەمساڵ گەیشتووەتە 44 ملیم.
پێباز 30 ملیم، کۆی گشتی ئەمساڵ گەیشتووەتە 54 ملیم.
مەیدان 40 ملیم، کۆی گشتی ئەمساڵ گەیشتووەتە 66.5 ملیم.