بەرهەمی ناوخۆ بەرەو کوێ؟
کاکی”ی ئاکرێ پێگەیشتووە و لە دەرەوەش هەر دێت”
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
چەند ساڵێکە بەرهەمی کاکی لە ئاکرێ دەچێندرێت، ساڵ بە ساڵ خواستی زیاتری لەسەرە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
کاکی میوەیەکی نوێیە بۆ کوردستان، سێ جۆری میوەی کاکی لە سنوورەکە هەیە، ساڵانە زیاتر لە پێنج تۆن کاکی بەرهەم دێت لە ئاکرێ، نرخی کیلۆیەکی لە بازاڕ هەزار دینارە.
سدیق هەرکی جوتیارێکی ناحیەی دینارتەیە، بەرهەمی کاکی هەیە و بە 964ـی وت، ماوەی 10 ساڵە 100 داری کاکی چاندووە، شەش ساڵە بەرهەمەکەی لێ دەفرۆشێت، ئێستا تا مانگی 12 کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیە.
زولفەقار دینارتەیی جوتیار بە 964ـی وت، “بەرهەمەکەمان باشە و خاکی کوردستان بۆ کاکی زۆر گونجاوە و پێویستی بە ئاوێکی کەمە، دارێکی خۆڕاگرە و تووشی نەخۆشی نابێت”.
لەگەڵ هاتنی بەرهەمی کاکیی تورکی و ئێرانی، کاکیی ناوخۆ پارە ناکات لە بازاڕ بە زەحمەت ساغ دەبێتەوە، زولفەقار دینارتەیی وای وت.
قەزای ئاکرێ بەناوبانگە بە بەرهەمەکانی هەنجیر، هەنار، سماق، بادەم، بەڵام کاکی بەرهەمێکی نوێیە کە لە سنوورەکەدا دەچێندرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی