گرانی نەوت باوی زۆپای داری هێنایەوە

+964

زەید کۆچەر – دهۆک

گرانی نرخی نەوت وایکردووە بەشێک لە خەڵکی دهۆک، پەنا بۆ بەکارهێنانی زۆپای دار ببەن، کە نرخەکەی لە نێوان 50 بۆ 120 هەزار دینارە.

بەشار بەرواری، هاوڵاتییەکی دانیشتووی دهۆکە، بە +964ی وت، “راستە بۆ شار سیمایەکی ناشرینی هەیە، بەڵام کاتێک بەرمیلێک نەوت بە 280 هەزار بێت خەڵک ناچارە زۆپای دار بەکاربهێنێت”.

شکاک سەلیم، وەستای دروستکەری زۆپای دارە، دەڵێت، “ئەمساڵ خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو داخوازی لەسەر زۆپای دار هەیە و زیاتر خەڵکی هەژار دەیکڕێت”.

شکاک، لەبارەی جۆری زۆپای دار دەڵێت، سێ جۆر هەیە، شێوەی بازنەیی، چوارگۆشە و فڕن، هەروەها زۆپای خۆماڵی و تورکی.

بە قسەی ئەو، زۆپای خۆماڵی باشترە چونکە پلێتی ئەستوورترە.

دڵشاد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک لەوبارەیەوە دەڵێت، “خەڵک لە ناچاری پەنا بۆ ئەو جۆرە زۆپایە دەبات، بەڵام ژینگەی شار وێران دەبێت”.

چەند ساڵێکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز، بەشێک لە خەڵک پەنا بۆ بەکارهێنانی زۆپای دار دەبات، چونکە تێچووی هەرزانترە.