دەنگۆی بارێکی نائاسایی لە عەنکاوە هەیە و هێزە ئەمنییەکان دەڵێن هیچ نییە
+964
ژووری هەواڵ
لە عەنکاوە هێزێکی بەرچاوی ئەمنی دەبینرێت، چەند کەسێک لە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن بیستوویانە گومانی بوونی تەقەمەنی هەیە، بەڵام پۆلیس و ئاسایش دەڵێن شتی وانییە.
کەمێک پێش ئێستا زیاتر لە سێ کەس لە دانیشتوانی عەنکاوە لە هەولێر بە 964یان وت لە نزیک پەیکەری مەریەم عەزرا لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو ناوچەیە هێزێکی بەرچاوی ئاسایش و پۆلیس هەیە و بەشێک لە شەقامەکە داخراوە.
ئەو کەسانە وتیان بیستوویانە ئەو هێزە بۆ سۆراغی زانیارییەک چوونەتە ئەوێ، گوایە تەقەمەنی هەبێت.
964 لە چەند سەرچاوەیەکی پۆلیس و ئاسایشی پرسی هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمشەو هیچ حاڵەتێکی نائاسایی نییە.
سەرچاوەکەی پۆلیس وتی مانگێکیش دەبێ بەهۆی بارودۆخی دەوروبەری فرۆکەخانەوە زیاتر لە جاران لە عەنکاوە مەفرەزە دادەنێن.
پەیامنێری 964 چووە شوێنی رووداوەکە بەچاوی خۆی بینی کە هێزێکی زیاتر لەجارانی لێیە، بەڵام هیچ زانیارییەکی یەکلاکەرەوەی دەست نەکەوت.