"دابەشکردنی نەوت هۆکار بووە"
لە خەلیفان بازاڕی سۆپای دار روو لە کزییە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو خواست لەسەر سۆپای دار کەمترە، وەستایەکی دروستکەری سۆپای دار هۆکارەکەی بۆ دابەشکردنی نەوت دەگەڕێنێتەوە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز خەڵکێکی زۆر لە ناوچە کوێستانیەکان روو لە کڕینی سۆپای دار دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بازاڕی بەتەواوی کز بووە.
زکری محەمەد سۆپا فرۆشە لە بازاڕی خەلیفان بە 964ی وت، “ئەمساڵ بازاڕمان کزبووە، ساڵانی رابردوو تاوەکو ئەم کاتانە زیاتر لە 250 سۆپای دارم دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ وا لە مانگی 12 نزیک دەبینەوە کەچی 50 سۆپام نەفرۆشتوە”.
ئەو سۆپافرۆشە هۆکاری کەمی خواست لەسەر سۆپا دار دابەشکردنی نەوت پێش هاتنی وەرزی سەرمایە.
ئەحمەد سابیر وەستایەکی دروستکردنی سۆپای دارە لە هەریر بۆ 964 وتی، ساڵانی رابردوو ئەوانەی سۆپای داریان بەکاردەهێنا خەڵکی شار و گوندەکان بوون، بەڵام ئێستا تەنیا گوندنشینان بەکاریدەهێنن.
بەهۆی هەڵکەوتەی ناوچەی شاخاوی و زستانی سەخت، خەڵکی ئەو ناوچانە سۆپای داریان بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکارهێناوە.
سۆپای دار بەپێی جۆرەکانی نرخی جیاوازە، هەر سۆپایەک لە نێوان 35 هەزار بۆ 55 هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی