سێ کۆگای بچووکیان هەیە

جوتیارانی ئامێدی داوای کۆگای ساردکەرەوە دەکەن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناو نەچێت، جوتیارانی قەزای ئامێدی داوای کۆگای ساردکەرەوە دەکەن، کشتوکاڵی قەزاکەش دەڵێت، لە پلانیاندایە چەند کۆگایەک بکەنەوە.

ئامێدی شەش ناحییەی هەیە و بە میوەکانی وەک سێو، هەنار، بەهێ، گۆیژ، هەرمێ، قەیسی، قۆخ، گوێز و چوالە بەناوبانگە.

حاجی ئەحمەد بەرگارەیی، یەکێک لە جوتیارانی سنووری قەزای ئاميدی بە 964 وت، “ئێمە وەک جوتیارانی ئامێدی داوای دامەزراندنی کۆگایەک لەو شوێنانە دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمەکانمان لەناونەچێت”.

ئەمساڵ سێ کۆگای ساردکەرەوە لە بامەڕنێ و کانی ماسی کراونەتەوە، بەڵام بچووکن و بەشی بەرهەمی جوتیاران ناکات.

هەکار حەمید،بەڕێوەبەری کشتۆکاڵی ئامێدی بە 964ـى وت، “پلانمان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەیەک کۆگا لە دەڤەری ئامێدی بە پێی بوودجەی خۆمان و لە رێگەی وەبەرهێنەرانەوە دروست بکەین”.

“بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باجی لەسەر بەرهەمی هاوردە داناوە بۆ ئەوەی جوتیاران سوودمەندبن لە بەرهەمەکانیان”، هەکار حەمید وادەڵێت.

بە پێی ئەو ئامارەی کە 964 لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەستیکەوتووە، لە سنووری ئەو پارێزگایەدا 126 کۆگای ساردکەرەوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەن، تەواوی ئەو کۆگایانەی دهۆکیش دەکەونە سنووری قەزاکانی سێمێل، بەردەڕەش و شێخان.

دهۆک .. سێ پڕۆژەی کشتوکاڵی بەگوژمەی 20 ملیۆن دۆلار دروست...

دهۆک .. سێ پڕۆژەی کشتوکاڵی بەگوژمەی 20 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێن

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد