نرخی مریشکی رەسەن لە هەولێر گەشتووەتە 2000 دۆلار

شیراز عەبدوڵا

لە هەولێر نرخی مریشکی رەسەنی کوردی لە سەرووی دوو هەزار دۆلارە.

ئەمڕۆ هەینی، لە پێشەنگایەکی تایبەتدا زیاتر لە 46 مریشکی  پێگەیێنراوی رەسەنی کوردی نمایشکران مریشکەکان قەبارەیان گەورە و درێژن بە پۆپنە و کڵاو و کلک و گەردەنیان لە مریشکیتر جیا دەکرێنەوە.

ئیبراهیم تەها یەکێک لەو کەسانەی خولیای راگرتن و بەخێوکردنی مریشکی هەیە بە 964ـی وت، سێ ساڵە کاری پێگەیاندنی مریشکی رەسەنی کوردی دەکات ئەو دەڵێت، ئەو جۆرە مریشکانە بەرگریان بەهێزە بەرامبەر سەرما، سێ مانگ جارێک پەڕەکەی تازە دەکاتەوە و هاوینان دەبێت شوێنیان گەرم نەبێت.

چڕنوکی شین، بەرۆک سپی و رەش، رەشی ناو کڵاو سپی، مۆتلێت ، سادەی رەش جنجڕ  ، بەشێکن لە رەنگ و جۆرەکانی مریشکی رەسەنی کوردی.

کاروان کاکە رەش خاوەنی مریشکی رەسەنی کوردی بە 964ـی وت، کەش و هەوای کوردستان بۆ راگرتن و پێگەیاندنی مریشکی رەسەن گونجاوە، مریشک هەبووە بە 1200 دۆلار فرۆشراوە و بەشێکیان دەنێردرێنە وڵاتی تورکیا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی