کارمەندێکی پاککەرەوە رێژەیەکی زۆری زبڵ لە مەزرایەک دەردێنێت. وێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر.
ئەگەر مەزرای کۆڵانەکەت گیراوە پەیوەندی بکە
ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین بەڕێوەیە و هەولێر ئامادەکاری دەکات
964+
فەهمی نەبی
ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی باران بەڕێوەیە و بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر دەڵێت، لەماوەی چوار رۆژی داهاتوودا هەڵمەتێکی چڕی خاوێنکردنەوەی مەزراکان دەستپێدەکەین.
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین روو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، بەر لە کۆتا باران بارین 3500 مەزرا پاککرابووەوە، بەڵام لە رۆژی شەممەوە هەڵمەتێكی چڕ بۆ پاککردنەوەی مەزراکان دەستپیدەکەین تا رۆژی چوارشەممە ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و بەنیازین تا چوار هەزار مەزرا پاکبکەینەوە ئەمەش بۆ بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکان”.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێز ئەوەش دەڵێت، “هەر هاوڵاتیەک دەزانێت مەزرای کۆڵانەکەیان گیراوە با تەلەفون بۆ ئەو ژمارەیە بکات 07511624550 تیمەکانمان راستەوخۆ دەگەنە شوێنەکە و پاکی دەکەنەوە”.
بەپێی زانیاریەکان لە شاری هەولێر سەروو 120 هەزار چاڵی ئاو وەرگرتن یان مەزرا هەیە.
ژیار جەلال دەڵێت، بەشێک لە مەزراکان سەرەکانیان بردراون ئەمە هۆکاری تێچوونی ئەو هەموو زبڵەیە بۆ ناو مەزراکان.