نوێکراوەتەوە..ئەم نیوەڕۆیەش دیسان دەنگێکی بەهێز لە هەولێر بیسترایەوە
+964
ژووری هەواڵ
کەمێک پێش ئێستا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دەنگێکی بەهێز بیسترا، لە بەرەبەیانەوە دووەمجارە ئەم دەنگە دەبیسترێ، ئەوەی بەرەبەیان زاندرا هێرشی درۆنی بووە و خراوەتە خوارەوە، بەڵام ئەمەی نیوەڕۆ هێشتا نەزانراوە چییە.
چەند شایەتحاڵێک لە عەنکاوەی هەولێر بە 964یان وت گوێیان لە دەنگێکی تەقینەوەی بەهێز بووە، یەکێکیان وتی ”ئەوەندە بەهێز بووە ماڵەکەمان لە گەڵی لەرەییەوە”.
شایەتحاڵێکی تریش وتی، بە گوێی خۆی گوێی لە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەی قونسوڵخانەی ئەمریکی بووە لە هەولێر.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ی وت: بەڵێ راستە ئەو دەنگە بیسترا، بەڵام نەیوت چی بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دەنگی بەهێز بیسترابوو، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند لە دوو کاتی جیاواز هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بنکەی هاوپەیمان لەتەنیشت فڕۆکەخانەی هەولێر، دووان لە درۆنەکان خراونەتە خوارەوە، ئەوەی سێیەم بە نەتەقیوی کەوتووەتە خوارەوە.
نوێکراوەتەوە…
کاتژمێر 2:51ی پاشنیوەڕۆ ئەو گروپەی ناویان لە خۆیان ناوە مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوەو نوسیویانە بنکەی سەربازی ئەمریکایان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بە دوو درۆن کردووەتە ئامانج، ”یەکێکیان بە شێوەیەکی راستەخۆ ئامانجەکەی پێکاوە”.