قەڵادزێ.. تەرمی کاسبکارێک دۆزرایەوە

964+

مەجید بتوێنی – قەڵادزێ

تەرمی کاسبکارێک دەدۆزرێتەوەو پۆلیسی قەڵادزێ دەڵێ؛ ئاسەواری پێنج فیشەکی بەسەرەوەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی کانونی یەکەم، لە قەڵادزێ تەرمی شاگردی دوکانێکی مەی فرۆشتن دۆزرایەوە، کە تەمەنی 49 ساڵ دەبێت.

ئەو کەسە تەرمەکەی لەناو باڵەخانەی یەکێک لە دوکانەکانی مەیفرۆشتن دۆزراوەتەوە لە نزیک شەقامی 60 مەتری قەڵادزێی سەنتەری قەزای پشدەر.

بەپێی زانیاریەکانی 964+، هاوڵاتییەکە ئەمڕۆ لەسەر کارەکەی تەقەی لێ کراوە و کوژراوە، کەس وکارەکەی دەڵێن کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسدا نەبووە .

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە 964+ـی راگەیاند؛ هاوڵاتیەک بەناوی ( ئـ . ر .ٲ ) رەگەزی نێر، لەدایک بووی ساڵی 1973، کوژراوە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و توێکاری بۆ تەرمەکەی، دەرکەوتووە شوێنەواری پێنج فیشەکی بە جەستەوە بووە کە فیشەکی چەکی کڵاشینکۆف بووە.

وتیشی “تیمی بەڵگەکانی تاوانی پشدەر لە شوێنی رووداوە ژمارەیەک قاوەنی کڵاشینکۆفیان دۆزیوەتەوەو رێوشوێنە یاساییەکان لەسەر رووداوەکە دەستی پێکردووە”.

پۆلیس وتەی لە باوکی قوربانییەکە وەرگرتووە و دەڵێت، کوڕەکە کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووەو ناشزانین کێ کوشتوویەتی.