پۆلیس دەستگیری کرد

11 ملیۆن دیناری دزی و ئۆتۆمبێلێکی پێ کڕی

پێشەوا محەمەد

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کرد کەسێکیان بە تۆمەتی دزینی 11 ملیۆن دینار دەستگیر کردووە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکیشدا گیراوە.

رووداوەکە کاتێک ئاشکرا بووە، کەسێک دەچێتە لای پۆلیس و سکاڵا دەکات کە 11  ملیۆن دیناری لێ دزراوە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگاریش “بە فەرمانی دادوەر” دەستدەکەن بە گەڕان و کەسەکە دەدۆزنەوە.

ئەو کەسە ناوی “ا، ف، م”ـە و تەمەنی 36 ساڵە.

پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.11.2023 بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا ئەو کەسە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و “ئەو ئۆتۆمبێلەی پێشییەوە گیراوە بەو 11 ملیۆن دینارە کڕیویەتی کە دزیبووی”.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە دزیکردن و سزای بەندکردنە بە مەرجێک لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.