هۆکار چییە؟

لە بەنداوی دێوانە تا دوو ساڵی دیکە کەس بەتەمای راوە ماسی نەبێت

توانا نەقی

راوکردنی ماسی لە دەریاچەی دێوانە لە دەربەندیخان بە بڕیاری ئیدارەی قەزاکە بۆ ماوەی دووساڵ قەدەغەیە و بڕیارەکە هێشتا واینەکردووە راوچییەکان نەچنە ئەو شوێنە بۆ راوکردن.

ئەمڕۆ چوار شەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردوەوە، چەندین پەنجە ماسی خراوەتە ناو دەریاچەی دێوانەوە لە پێناو پاراستنیان بۆ ماوەی دوو ساڵ راوکردن قەدەغە کراوە و دوای ئەوە ئاسایی دەبێتەوە.

ئەو قەدەغە کردنە رێگر نەبووە لە راوچییەکان، بەڵام ئەم جارە خۆیان کەوتنە داوی مەفرەزەکانی پۆلیسەوە و کەرەسەتەکانیشیان گیران.

سەرباری قەدەغەکردنەکە مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان لە دەریاچەکە دەستیان گرتووە بەسەر هەشت تۆڕی ماسی گرتن، یەک چوپ و دوو سەوڵ، 72 ماسی کە بە تۆڕەکەوەبووە بە زیندووی خراوەتەوە ناو دەریاچەکە و ئازاد کران.

بەنداوی دێوانە دەکەوێتە باشوری دەربەندیخان و 42 مەتر بەرزە و 260 مەتر پانە و زیاتر لە دوو ساڵە تەواو بووە.