لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان - 964
پێنج بانکی دۆزیوەتەوە
حکومەت بەدوای بانکدا دەگەڕێت
964+
ژووری هەواڵ
ئەو بانکانەی کە لە پرۆژەی “هەژماری من” بەشدارن و موچەی فەرمانبەران دەکەنە ئەلیکترۆنی، پێنج دانەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندە کە پارەیان بۆ بنێرێت و ئەوانیش مانگانە بیدەن بە موچەخۆران.
دواین بانک کە بەشداری لە پرۆژەی “هەژماری من” دەکات، بانکی نیشتمانیی عێراقە (NBI)، حکومەتی هەرێم دەڵێت، دەیانەوێت کە بانکی زیاتر بەشداری لە پرۆژەکەدا بکەن.
کۆی بانکە بەشداربووەکان بریتین لە بانکەکانی (Ashur، BBAC، Cihan وRT و NBI)، لەبارەی رسوماتەکان و ئۆفەرەکان حکومەت بەرچاوڕوونیان پێدەدات.
“ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی بانکی زیاتر لە بەردەم هاوڵاتیان کە بەرهەم و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ بەشداربووان، سودمەندبووان و موچەخۆران پێشکەش دەکات، هەروەها هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی کێبڕکێیەکی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکانی”، حکومەتی هەرێم وا دەڵێت.
بەپێی هەواڵێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە هاوبەشی لەگەڵ بانکەکانی دیکەش بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت و بخرێتە خزمەت هووڵاتییان و بانکی زیاتر بەشداری لە پرۆژەی “هەژماری من” بکەن.