شەقامێکی سەرەکی لە قەزای پێنجوێن. وێنە: 964
بۆ جاری دووەمە
پێنجوێن بەستنی پێوەری زیرەک رەتدەکاتەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی 964، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی هاتوونەتە قەزای پێنجوێن بە مەبەستی بەستنی پێوەری زیرەک لە قەزاکە، بەڵام بۆ جاری دووەم لە لایەن هاوڵاتیانی قەزاکە رەتکرایەوە.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 24.10.2023 لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی سەردانی قەزای پێنجوێنیان کرد بە مەبەستی بەستنی پێوەری زیرەک لە قەزاکە بەڕێوەبەری کارەبای قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، خەڵکی رەتیان کردوەتەوە و لیژنەکە گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی.
بەهادین عەبدوڵا بەڕێوبەری کارەبای قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، “ئەو لیژنەیەی لە سلێمانیەوە هاتبوون مەبەستیان بووە پێوەری زیرەک لە قەزاکە ببەستن، بەڵام لە دوای ئەوەی خەڵکی قەزاکە قبوڵیان نەکردووە لیژنەکە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی”.
هاوکات باسی لەوەشکرد، بەستنی پێوەری زیرەک لە کارەبای 24 کاتژمێری قەزاکە کەمناکاتەوە و تەنیا رۆڵی ئەوەیە کە بڕی کارەبای بەکارهاتوو تۆماربکات و هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە نیە کە کارەبا کەمبکاتەوە.
رەتکردنەوەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە قەزای پێنجوێن لە کاتێکدایە لە رۆژی 13.2.2022 کۆمپانیایەک لە قەزاکە هەوڵیدا دەستبکات بە بەستنی پێوەری زیرەک، بەڵام لە لایەن هاوڵاتیانەوە رەتکرایەوە و چەند پێوەرێکی زیرەک شکێندران.