ژمارەیەک ماسی لە رۆخی روبارێکدا مردار بوونەتەوە _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
هەزارانیان لەناوچوون
ماسییەکانی دیوانییە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە
964+
پێشەوا محەمەد
لەناو دەریاچەکانی دیوانییەدا ماسییەکی زۆر لەناوچوون و فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکەش دەڵێت، هۆکارەکەی کەمبوونەوەی ئاوە لە هۆڕەکاندا.
فەرمانگەکە سەردانی چەند هۆڕێکی سنووری دیوانییەی کردووە و هەزاران ماسیی لە ناوچوویان بینیوە، “کەمبوونەوەی ئاوەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆسجینی توواوە لەناو ئاودا و بووەتە هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان”.
سەفا جەواد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی دیوانییە ئەمڕۆ سێشەممە 24.10.2023 بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە، ئەو ناوچەیە لە ئاوە گرنگەکانی عێراقە و بەردەوام مەترسیی کەمبوونەوەی ئاو و وشکەساڵی لەسەرە.
وتوشیەتی، “لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پەیوەندی دەکەین هێشتنەوەی ماسییەکان بە زیندوویی و رەواندنەوەی مەترسیی وشکەساڵی لەسەر ئەو هۆڕانە”.
پێشتریش لە ئاوی رووباری عیس لە قەزای مەجەری پارێزگای میسان ملیۆنان ماسی لەناوچوون و بەرپرسە ئیدارییەکان هۆکارەکەیان بۆ کەمئاوی گەڕاندەوە.