دیمەنێک لە گردبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەی جوتیارانی مەخمور _ وێنە: 964
پڕە لە داواکاری جوتیاران
لە مەخمورەوە داوایەک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە رێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، قایمقامیەتی مەخمور نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، تا رێگە بدرێ جوتیارانی قەزاکەیان، پەیین و بنەتۆو بەبێ هیچ ئاستەنگییەک لە هەولێرەوە هاوردە بکەن.
قایمقامی مەخمور بە 964ی وت، ئەنجامی نووسراوکە هاتەوە، بە دڵخۆشییەوە دێمە ناو خۆپیشاندەران و هەواڵەکەیان پێ رادەگەیەنم.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22.10.2023، دوومجارە جوتیارانی قەزای مەخمور، قەراج و كەندێناوە و گوندەكانی دەوروبەری خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن و رێگای سەرەكیی هەولێر مەخموریان داخست، ئەوان داواکارن ئەو رێگریانەی هەن لە هێنانی پەیین، مادەی كیمیاوی و ئاژەڵ لە هەولێرەوە بۆ مەخمور هەڵبگرێن.
هاوكار محەمەد نوێنەری جوتیارانی مەخمور بە 964وت كە ئەمە جاری دووەمە هەفتەی رابردوو بەلێنیان پێداین، كە 3 رۆژ مۆڵەتیان بدەین هەفتەیەك مۆڵەتمان دا، بەڵام هەر چارەسەر نەبوو، جوتیار هەیە 10 تۆن پەیین و بنەتۆی كڕیوە، كەچی ناتوانێت لە بازگەكە بپەرێنێتەوە
لە بارەی داواکاری ئەو خۆپێشاندەرانە، رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور بە 964ی وت، “داواكانمان كردووە بە نووسراو و رەوانەی لای فەرماندەی هێزەکانی هاوبەش كراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە كەوا بەرز بكرێتەوە لە رێگەی نووسراوێكی دیکە بۆ لای سەرۆک وەزیرانی عێراق”.
ئەوەشی وت، “دەمانەوێ بە یەكجاری ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن كارەكانیان ئازادانە بكەن، ئێستاش ناتوانم بێمە ناو خۆپێشاندان و بەڵێنیان پێ بدەم، كە بڕیارەكە گەڕایەوە، ئەوكات دێمە ناو خۆپێشاندەران و پێیان رادەگەیەنم، كە كێشەكەیان چارەسەر كراوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا