زەوی قەرەبوو

لە دێرەلووک ئێسک و پروسک دۆزاوەتەوە

964+
هیڤی دێوالی-ئامێدی

لە رووبەرێکی زەوی لە ناحیەی دێرەلۆک کە وەک قەرەبوو دراوە بە هاوڵاتیان، ئێسک و پروسک دەرکەوتوون، شارەوانیی دێرەلۆکیش دەلێت، هەرکەسێک گۆڕی بینی با ئاگادارمان بکاتەوە.

زەوییەکان کە کۆی رووبەرەکەیان نزیکەی دۆنمێک دەبێت، لە ساڵی 2018ەوە وەک قەرەبوو بەسەر هاوڵاتیانی گەڕەکی ئازادی گوندی رەشاڤە دابەشکراون، دەرکەوتووە گۆڕستانێکی زۆر کۆن بووە.

عەبدولمەناف رەشید، سەرۆکی شارەوانیی دێرەلۆک بە 964ی وت، ” تا ئێستا وەک شارەوانی نزیکەی 20 گۆڕمان هەڵکەندووە و بۆ گۆڕستانی دێرەلوکمان گواستووەتەوە، هەر کەسێکیش ویستی خانوو دروست بکات و گۆڕی بینی، پێویستە ئاگادارمان بکەنەوە تا پابەندی رێنماییەکان بین”.

وتیشی، مێژووی گۆڕستانەکە هێندە کۆنە، تەنانەت بەساڵاچوانی ناوچەکەش نازانن بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە،گؤڕەکانیش تەنیا لە ماڵەکاندا نییە، بەڵکو لە شەقام و زەوییەکانی شارەوانیشدا هەن.

964 زانیویەتی بەهۆی ترس و دوو دڵییەوە تا ئێستا کەس لەو زەوییانەدا دەستی بە دروستکردنی خانوو نەکردووە.

دێرەلووک سەر بە قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک و 21 هەزار کەسی لێ نیشتەجێیە.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین