"ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی خاشاک شکاون"
زبڵ پیرەمەگرونی هەراسانکردووە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە زبڵ لە ناحیەی پیرەمەگرون کۆنەکراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی شکانی چەند ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەو ناوچەیە.
بەرزان رەوف سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون بە 964 وت، ئەرکی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ناحیەی پیرەمەگرون لە ئەستۆی کۆمپانیایەکی تایبەتە، بەڵام بەهۆی شکانی چەند ئۆتۆمبێلێکیانەوە پڕۆسەی کۆکردنەوەی خۆڵ تا رادەیەک پەکی کەوتووە.
هەر رۆژێک کاری پاککردنەوە نەکەن کۆمپانیاکە سزا دەدرێن، ئەمە بەوتەی سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون.
بەرزان رەوف دەڵێت، ئێستا تیمەکانی شارەوانی پیرەمەگرون لە هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی ئەو خاشاکەی کۆبونەتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی 964 ئێستا کۆمپانیاکە سەرقاڵی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیانن، هەریەکە لە شۆفڵ و گلێدەر و چەند ئۆتۆمبێلێکی خۆڵ کۆکردنەوەیان شکاوە.
رۆژانە نزیکەی 15 تۆن خاشاک لە ناحیەی پیرەمەگرون کۆدەکرێتەوە و لە هەفتەیەکدا نزیکەی 75 تۆنە، رۆژە نا رۆژێک لە گەڕەکەکاندا کۆدەکرێتەوە، بەڵام بازاڕەکەی لە رۆژێکدا دووجار خاشاکی لێ کۆدەکرێتەوە.
ناحیەی پیرەمەگرون لە 28 گەڕەک پێکهاتووە و 38 هەزار و 645 ماڵی تێدایە، 44 گوندیشی لەسەرە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی