هەرێم سندووقی وەبەرهێنان دادەمەزرێنێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بڕیارە سندووقی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت و داهاتی سەدا 5ی هەر پرۆژەیەکی تێ بکرێت و دواتر بۆ وەبەرهێنان سودی لێ ببینرێت.

964+ لە دەستەی وەبەرهێنانەوە زانیویەتی، سندووقەکە لە ساڵی 2023 دەخرێتە گەڕ و داهاتەکانی تێدا کۆدەکرێتەوە.

پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان بە 964+ی راگەیاند، سندووقەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە دەبێتە هۆکاری پێشکەوتنی کەرتەکە و وڵاتانی ناوچەکە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژییان بە داهاتی ئەو سندووقە بوونیات ناوە.

“سندووقەکە سەدا 5ی داهاتی هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی تێدا کۆدەکرێتەوە، دواتر داهاتەکەی لە هەمان کەرتی وەبەرهێناندا خەرج دەکرێت و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی پێ ئەنجام دەدرێت”، پشتیوان حەمەسەعید وای وت.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا نزیکەی هەزار و 240 مۆڵەتی وەبەرهێنان لە 13 سێکتەری جیادا بە سەرمایەی نزیکەی 65 ملیار دۆلار جێبەجێ کراون.