دوو هەزار و 500 دینار
برنجەکەی دهۆک ئەمساڵ بە بەرەکەتە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
هەواڵێکی خۆش بۆ برنج خۆرەکان، ئەمساڵ برنجی خۆماڵی بە بەرەکەتە و زۆری لێ بەرهەم دێت، باشیەکەی ئەوەیە زۆربەی لە برنجە باشەکەی ئاکرێیە.
هەر کەسێک دەچێتە بازاڕ و لە برنجی باش دەگەڕێت یەکسەر پرسیاری برنجی ئاکرێ دەکات، جا باشیەکەی ئەوەیە ئەمساڵ زۆربەی بەرهەمی پارێزگای دهۆک لەو برنجە باشەی ئاکرێیە.
برنجی ئاکرێ بۆیە خەڵک حەزیان لێیەتی دەنک خڕ و تام خۆش و بۆن خۆشە، دوو جۆری سێ مانگی و شەش مانگی هەیە، ئەمەش بە پێی ماوەی بەرهەمهێنانی حیساب دەکرێت.
ئەوانەی کاروباری کشتوکاڵ لە دهۆک بەڕێوە دەبەن دڵیان خۆشە و مەزەندە دەکەن بەرهەمی ئەمساڵ سەروو 20 هەزار تۆن بێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ی وت، ئەمساڵ 19 هەزار و 637 دۆنمی زەوی برنج لە ئاکرێ و ئامێدی و بەردەڕەش، هەر سێ قەزاکەی پارێزگای دهۆک چێنراوە و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 20 هەزار 700 تۆنی برنج بەرهەم بهێنێت.
ئەم برنجانە لای خۆمان کیلۆیان لە دوو هەزار و 500 دینار دەستپێدەکات و جۆرە باشەکەی دەگاتە
چوار هەزار دینار.
لە چاندن و بەرهەمهێنانی برنجدا پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پلەی یەكەمدایە و هەموو ساڵێک بەرهەمی باشە.
ئەو برنجەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت جۆری زۆرە، ئاکرێ و بەرازیلی و تەحالوف و سەدری و مەولەوی، بازیان، نەگازە لە جۆرە دیارەکانیانە.