شەش گوند

رازی نین زەوییەکانیان بدرێتە فەرمانبەران

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، کە دەکەونە سنووری شەش گوند لە زاخۆ، نیگەرانیی جوتیار و خەڵکی خانەخوێی گوندەکەی لێ کەوتووەتەوە.

ئەوانەی ناڕازین خەڵکی شەش گوندی باکووری شاری زاخۆن، گوندەکان پێک دێن لە ( کەڕنێ، کیزاف، رەبەنکا، وارسورا، دورنەخ و چەمشکۆ ) کە زیاتر لە دوو هوزار خێزان خاوەنی ئەو زەوییانەن.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ماوەی دوو ساڵە خەریکی چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی پێنج هەزار پارچە زەوی فەرمانبەرانە، کە ئەم بڕیارە بۆ ساڵانی 2012 و 2013 دەگەڕێتەوە، بڕیاربوو لە ساڵی 2012 ئەو پێنج هەزار پارچە زەوییە بە فەرمانبەران و خانەنیشان بدرێت، بەڵام تا پێش ماوەیەک بە هەڵواسراوی مابوو.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ماوەیەک پێش ئێستا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، “سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەین و لە نزیکترین کاتدا پارچە زەوییەکان بە فەرمانبەران دەدەین”.

ئەمڕۆ 15.10.2023 تیمێکی شارەوانیی زاخۆ چوونەتە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی رووپێوی بۆ زەوییەکە بکەن، دواتر دیزاینیان بکەن و بەسەر فەرمانبەران دابەشی بکەن، هاوڵاتیانی ئەو گوندانەش رێگەیان گرت و نەیانهێشت کارەکەیان ئەنجام بدەن.

زێرەڤان عومەر، هاوڵاتی گوندی کەڕنێیە و بۆ 964 وتی، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین زەوی ئێمە کە کشتوکاڵییە، بکرێت بە زەوی نیشتەجێبوون و بە فەرمانبەرانی بدەن، ئێمە کشتوکاڵ لە زەویەکانماندا دەکەین و ئەمساڵیش گەنممان چاندبوو، با بڕیارەکەیان هەڵبوەشێننەوە.

پەیامنێری 964 هەوڵی دا، لێدوانی قایمقامی زاخۆ لە بارەی ناڕەزایەتی ئەو گوندانە وەربگرێ، کەچی ئامادەنەبوو قسە بکات.

دوو سەرچاوەی تایبەت لە هەر یەک لە شارەوانی و قایمقامیەتی زاخۆ بە 964 یان وت، ئیدارە و قایمقامیەت و شارەوانیی زاخۆ لە گفتۆگودان بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ناوەندی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە و زیان بەر هیچ لایەنێک نەکەوێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا