هه‌ڵبژارده‌ی عێراق مه‌دالیای زێڕی له‌ پاڵه‌وانیه‌تیی عه‌ره‌بی به‌ده‌ستهێنا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

هه‌ڵبژارده‌ی پایسكلسواریی عێراق له‌ پاڵه‌وانیه‌تیی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ئیمارات، له‌ ئاستی كوڕان و كچاندا چه‌ند مه‌دالیایه‌كی جۆراوجۆری به‌ده‌ستهێناوه‌.

پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ رۆژی 18ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ شاری شاریقه‌ی ئیماراتی ده‌ستی پێكرد و ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت.

عه‌بدولقادر نوره‌ده‌ین ئه‌ندامی یه‌كێتیی پایسكلسواریی عێراق و ئه‌ندامی شاندی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ ئیمارات، ئه‌نجام و زانیارییه‌كانی تیپه‌كه‌ی به‌ 964+ دا.

ئه‌و وتی: “یاریزانی لاوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق وه‌هبی سلێمان له‌ ركابه‌ریی “تاك دژی كاتژمێر – 20 كیلۆمه‌تر” توانی مه‌دالیای زێڕ به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌ها تیپی پێشكه‌وتووانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌ ئاستی تیپه‌كانی تازه‌پێگه‌یشتووان پله‌ی سێیه‌م و مه‌دالیای برۆنزیان برده‌وه‌”.

هه‌روه‌ها یاریزان داهات كاوه‌ له‌ ئاستی كچاندا له‌ ركابه‌ریی تاكی كچان بۆ 20 كیلۆمه‌تر، مه‌دالیای زێڕی برده‌وه‌.

وه‌هبی سلێمان مەدالیای زێڕی بردەوە..فۆتۆ: پەیجی پاڵەوانیەتییەکە لە فەیسبوک

به‌ پێی وته‌ی عه‌بدولقادر نوره‌دین، هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووانی عێراق له‌ پێشبڕكێی گشتیدا پله‌ی یه‌كه‌م و مه‌دالیای زێڕی برده‌وه‌، هه‌روه‌ها یاریزان ئه‌حمه‌د زوهێر له‌ ركابه‌ریی “تاك” مه‌دالیای زێڕی به‌ده‌ستهێنا.

نوره‌دین وتی: “ئه‌مڕۆ پێشبڕكێی پایسكلسواری ناوچه‌ی شاخاوی “جه‌به‌لی” ده‌ستپێده‌كات، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یاریزانانی عێراق ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست بهێنن.

له‌ پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقدا له‌ پاڵه‌وانیه‌تیی عه‌ره‌بی، دوو راهێنه‌ر و چه‌ند یاریزانێك له‌ ئاستی كوڕان و كچاندا كوردن و پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی تیپه‌كان پێكده‌هێنن.

پاڵه‌وانیه‌تیی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پایسكلسواری به‌ به‌شداریی هه‌شت هه‌ڵبژارده‌ ئه‌نجام درا و ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت.