لۆگۆی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان - گرافیکی 964
هەندێکیان هەڕەشەیان لێکراوە
وەزارەتی پەروەردە لەسەر مامۆستایان هاتە جواب
964+
بەهرە محەمەدئەمین
بۆ ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانەی لەبەر شکاندنی بایکۆت، توشی هەڕەشەو تەشهیر بوون، وەزارەتی پەروەردە رێکار دەگرێتەبەر.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، سکاڵای یاساییان بۆ ئەو بابەتە هەیە و بە فەرمی دەزگای ئاسایشی کوردستانیان لەو هەڕەشانە ئاگادار کردووەتەوە، مەبەستیانە ئەو هەڕەشەکارانە رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، کە بە ناوی وتەبێژی وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، “هەر یەکێک لەو هەڕەشەکارانە پلەی مامۆستای هەبێت، بە بڕیارێک پلەکەی لێ وەردەگیرێتەوە” .
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کە لە پەیجی فەرمی وەزارەت بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکە هەندێک کەس لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا هەڕەشە و بێرێزیان بەو بەڕێوەبەرانە کردووە، کە دەستیان بە دەوام کردووەتەوە لە پارێزگای سلێمانیدا.
وەزارەت جگە لەوەی دڵنیایی داوەتە مامۆستایان کە بە هەموو جۆرێک پاڵپشتیان دەکات، دوو ژمارە تەلەفونیشی راگەیاندووە بۆ ئەوەی مامۆستایان لە حاڵەتی رووبەرووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لە سۆشیال میدیا، سكاڵاکانیان بنێرن بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی وەزارەت.
هەردوو ژمارە تەلەفونەکەی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە تۆمارکردنی سکاڵا:
07505103232
07505106262