کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت

دوو جووتیار بە قیست بوون بە خاوەن تراکتۆری خۆیان

964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی قیستی درێژخایەن دوو تراکتۆری رادەستی دوو جوتیاری هەولێر کرد.

تراکتۆرەکان لە لایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە بە شێوەی قیستی درێژخایەن، بە جوتیارەکان دراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.10.2023، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە 964ـی وت، “ئەو دوو جوتیارە تەواوی مامەڵەکانیان تەواو کردووە، ئێستا سەدان مامەڵەی دیکەی جوتیاران پێشکەشکراوە بۆ وەرگرتنی ئامێر و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان”.

تراکتۆرەکان، کوالێتیان بەرزە و دروستکراوی وڵاتی ئیتالیان، لە کاتی هاوردەکردنیان لێخۆشبوونی گومرگییان بۆ دەکرێت، تابلۆی بێ بەرامبەریشیان پێ دەدرێت.

ئەمساڵ پێباز لە رووی کشتوکاڵەوە حەشر دەکات

ئەمساڵ پێباز لە رووی کشتوکاڵەوە حەشر دەکات

فاخیر سادق، جوتیارێکی گوندی گردلانکەیە لە ناحیەی قوشتەپە، ئەمڕۆ بوو بە خاوەن یەکێک لە تراکتۆرەکان، ئەو بە 964ـی وت، ” کۆی تێچووی کڕینی تراکتۆرەکان بڕی 32 ملیۆن دینارە، بەڵام لە پێشەکیدا بڕی 11 ملیۆن دینار وەرگیراوە، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە بە قیستی درێژخایەن و بە ماوەی پێنج ساڵ رادەستی دەکەین”.

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێت، لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان درێژەی دەبێت، لە پێناو باشترکردن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا