''ساڵی تۆبە کردن بوو''

ئەمڕۆ 964 پاڵەوانی مێری بوو

+964

ژووری هەواڵ

لە رۆژی دووەمی دیداری مێری لە هەولێر، باس باسی 964 و ئەو مۆدێلە نوێیە بوو کە لەمیدیا کوردی و عێراقی هاتووەتە ئاراوە.

زیاتر لە 40 خولەک سێ لە دیارترین میدیاکارەکانی کوردستان و عێراق و لوبنان گفتوگۆیان بوو لەسەر ئەوەی دۆخی میدیا بەچی گەیشتووەو روومان لە کوێیە، دواجار هەموو باسوخواسەکانیش دەهاتنەوە سەر 964.

دانیشتنی دووەمی دیداری مێری لەسەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم میدیا بوو، لەسەر ستەیجی دیدارەکە لە هۆڵی هۆتێل رۆتانای هەولێر ئەوەی پێویست بوو وترا.

سەرمەد تائی لە دیارترین و بەناوبانگترین میدیاکارەکانی عێراقە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی بەشی عەرەبی 964ە، ئەو یەکێک بوو لە پانێل گێڕەکان.

سەرمەد کە وتبووە نێوان دوو رۆژنامەنووسی دیکەی بەناوبانگ، لەدەستە چەپی نایلە توینی هەبوو، ئەمەیان رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی لوبنانییەو ساڵانێکیش هەر لەو وڵاتە پەرلەمانتار بوو، کچی جوبران توینی نوسەرو کەسایەتی دیاری لوبنانە، لە دەستە راستیشی هیوا مەحمود عوسمان هەبوو کە ئەمیشیان هەر رۆژنامەنووس و راهێنەرێکی دیاری میدیاییەو ساڵانێکی زۆر لە میدیا گەورەکانی دنیا بووەو ئێستاش سەرۆکی تۆڕی 964ە.

سێ پانێلیستەکە گفتوگۆی چڕو پڕیان کرد لەسەر وەزعی میدیا، هەر جارێکیش نمونەی کاری چاک دەهێنرایەوە ناوی 964 دەهات.

سەرمەد تائی باسی لەوە کرد میدیای هەموو دنیا بەشێکی گرنگی بۆ هەواڵی ژیانی رۆژانەی خەڵک تەخرانکراوە، تانەنات لە عێراقی پادشایەتیش 70% رووپەڕی رۆژنامەکان بۆ باسوخواسی خەڵکی بووە، کەچی عێراقەکەی ئەمڕۆ، میدیاکەی هەر لە خزمەتی هێزە سیاسییەکان و بەرپرسەکانە، بۆیە خەڵک شێوەی خۆی لە میدیادا نابینێتەوە ”هەر لەبەر ئەمەشە 964 دروستکرا، لێرە هەواڵی خەڵک لە هەموو شتێک و هەموو کەسێک گرنگترە”.

سەرمەند باسی لەو پارە زۆر و زەوەندە کرد کە بە ”گەندەڵی” پەیدا دەکرێت و میدیای حیزب و هێزە سیاسییەکانی پێ بەخێو دەکرێت وتی ”لە عێراقی نوێ 70 ملیار دۆلار بۆ کارەبا خەرجکراوە و کارەبا نییە، 10 ملیار دۆلاریش دراوە بەمیدیا، ئەوەش هەر ئەوانە خەرجیانکردووە کە نەیانتوانیوە کارەبا دابین بکەن”.

سەرمەد رووی لە ئامادەبووانی هۆڵەکەو کامێراکان کرد و وتی ”داوای لێبوردن دەکەین ئێمەش وەک رۆژنامەوان 20 ساڵ هەواڵی سیاسیمان بۆ ئێوە گواستووەتەوە”.

ئینجا باسی تۆڕی 964ی کرد کە چۆن هەواڵی خەڵک و هەواڵی کوچەو کۆڵان بووەتە بابەتی سەرەکی و ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە ئەوە دەگوازێتەوەو دوور کەوتووەتەوە لە هەواڵی سیاسی، ئینجا دەستەواژە بەناوبانگەکەی خۆی بەکارهێنا کەوتی ناومان ناوە ”ساڵی تۆبەکردن” لە هەواڵی سیاسی، بەو مانەیەی بۆ ساڵێک دەچێت 964 هەیە و لە عێراق و کوردستانیش خۆی بە دوور گرتووە لە هەواڵی سیاسی و ململانێ و شەڕی هێزە دژبەرەکان و ئەو جۆرە هەواڵانەی دەروونی خەڵک هیلاک دەکەن.