٤٠٠ ملیارەکە کێشەی تێكەوت

964+

توانا نەقی – هەولێر

هەوڵەکان بۆ ناردنی ئەو ٤٠٠ ملیارەی دینارەی، کە بڕیار بوو عێراق بینێرێت بۆ هەرێم بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی نەداوە لەسەر خەرجکردن و ناردنی بۆ هەرێم.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە 964+ی وت، بابەتەکە ئاڵۆز بووە و دەبێت شاندەکانی هەرێم روونکردنەوە بدەن لەسەر ئەو پارەیە، هیچ شتێکیش بە لیژنەی دارایی ناڵێن لەسەر ناردن یان نەناردنی ئەو پارەیە.

وتیشی، وەزیری دارایی عێراق پێی وایە نایاساییە و نایەوێت خۆی بخاتە ژێر بەرپرسیارییەتی،” بۆیە دەتوانێت داوا لە سەرۆک وەزیران بکات بە نووسراوێکی فەرمی ئاگەداریان بکاتەوە بۆ خەرجکردنی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە و هەر بە تەمای ئەوەشە، بۆ ئەوەی ئەگەر نایاسایی بوو، بەرپرسیارییەتیەکە لەسەر شانی خۆی لابات.

جەمال کۆچەر، روونیشیکردەوە، ئەو ٢٠٠ ملیارەش کە پێشتر عێراق دەینارد، قسەی لەسەرە و لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، بەهۆی رادەستنەکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە عێراق.

لە ١٣ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ دەرکرد، باڵام تا ئێستا پارەکە خەرجنەکراوە و نەگەیشتووەتە هەرێم.