مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات - وێنە: AFP
لە ماوەی 72 کاتژمێردا
مەزڵوم عەبدی: تورکیا بۆردوومانی 150 شوێنی مەدەنی کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بۆردوومانی 150 شوێنی مەدەنی کراوە.
ناوبراو لە بڵاوکراوەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە ئاشکرای کردووە، ئەو بۆردوومانانە لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا بوون و وێستگەكانی كارەبا، ئاو، وزە، نەخۆشخانە و خوێندنگەكان بە ئامانج گیراون.
“هێرشی ئەمدواییەی توركیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەوڵ و توانای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كردووەتە ئامانج لە چوارچێوەی سیاسەتی دوژمنكاری بۆ پەكسختنی ژیانی هاوڵاتیان”، ئەوەش هەر قسەی مەزڵوم عەبدییە.
دەشڵێت، “ئەوە كردنە ئامانجی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەكانە، كە كاریان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتی دانیشتوانی ناوچەكە كردووە دوای شكستپێهێنانی داعش”.
پێشی وایە ئەو بۆردوومانانە وێرانكردنی ژێرخانی ناوچەكەیە و “ئەوەش تاوانی جەنگە و ناكرێت بە لەوە كەمتر پێناسە بكرێت”.
چەند رۆژێکە تورکیا بە چڕی هێرشی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە.