964+، ئاشکرای دەکات هێلکە بۆچی گرانە لە بازاڕدا

964+

توانا نەقی – هەولێر

رێژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان، لە سەدا پەنجای زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وادەڵێت، بەڵام نرخەکەی لە بازاردا گرانە.  

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە 964+ی راگەیاند، بەرهەمهێنانی هێلکە لە کوردستان، ٥٠٪ ی بەرهەمەکەی زیادە لە پێداویستی ناوخۆ، بەڵام بەهۆی زۆری تێچووی بەرهەمهێنانەوە، بە تایبەت لە رووی نرخی عەلەفەوە، وای کردووە لە بازاڕەکاندا گرانبێت .

ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە هیچ شێوەیەک ناهێڵن لەدەرەوە، هێلکە هاوردەی کوردستان بکرێت.

  964+، دەزانێت، کە نرخی هێلکە لە ئێستادا لە بازارەکاندا بەرزە و پێنج هێلکە بە هەزار دینارە، لە کارتۆنێک هێلکە کە ١٢ تەبەقەی تێدایە ١٠ هەزار دینار نرخەکەی بەرزتر بووەتەوە بە بەراورد لە جاران.

وەسفی خەلیل، راوێژکاری کشتوکاڵی لە ژووری بازرگانی سلێمانی بە 964+ی وت، هەرێمی کوردستان لە توانایدایە مانگانە ٢٥٠ ملیۆن هێلکە، کە بە تێکڕا ساڵانە دەکاتە سێ ملیار هێلکە، بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو ملیار بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەشدا بەشێکی هەناردەی ناوەراست و خوارووی عێراق دەکرێت.

وتیشی، بەشی زۆری هێلکە لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت و لە سلێمانی ١٤ کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەیە، بەڵام ‌هەشت پرۆژەیان کاردەکەن و بەشێکیشیان بەهۆی زۆری تێچوونەوە ناتوانن بەرهەمیان هەبێت..

سەبارەت بە هۆکاری گرانی هێلکە لە بازار وەسفی خەلیل وتی، کێڵگەکان بەهۆی گرانی نرخی عەلەفەوە ئەوەی کە لە توانای خۆیاندایە بۆ بەرهەمهێنان ناتوانن بە تەواوەتی بیخەنەگەڕ،” ئەرکی حکومەتە هاوکارییان بکات بە دابینکردنی عەلەفی هەرزان و دانانی سیستمێکی باش بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە لە ناوخۆدا”.