کەشناسی سلێمانی: ئەمشەو شەوی یەڵدایە

964+
دیلان محەمەد – سلێمانی

بۆچوونەکان لەسەر شەوی چلە یاخود یەڵدا بوون بە دوو بەشەوە و رای جیاوازی لەسەرە، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی دەڵێت، بۆ ئەمساڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٢ی کانونی یەکەم، یەکەم رۆژی زستان دەبێت.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، بەپێی زۆرێک لە پێوەرە فەلەکیەکان و جوڵەی زەوی بەرامبەر تیشکی خۆر، زۆرێک لە دەزگا فەلەکیەکان خشتەی ساڵانەیان هەیە و پەیوەستە بە جوڵەی زەوی و لاربوونەوەی تەوەرەی زەوی کە تیشکی خۆر ستون دەبێت لەسەر خولگەیەک، لە رێگەی ئەو پڕۆسەیەوە پێی دەوترێت وەرگەڕانی زستانە و هاتنی وەرزی زستان.

لە لایەکی تر، محەمەد مەردان، سەرۆکی کۆمەڵەی کەلەپوری کورد بە 964+ی وت، بە رۆژمێری کوردی کار دەکەن وەک کۆمەڵەکەیان، کە رۆژی پێنجشەممە، یەکەم رۆژی بەفرانبارە و شەوی لەدایکبوونی میترا و ھەتاوە.

ئەوەشی خستەڕو، ئەوان بە مانگی کوردی قسە دەکەن و دەکاتە یەکەم رۆژی مانگی بەفرانبار، لە بەرامبەردا، بە ٢١ی زایینی کە شەوی چلەیە و بۆ بەیانییەکەی ٢٢ دەکاتە زستان، بەردەوام هەوڵ دەدەن وەک کۆمەڵەی کەلەپور بابەتەکان راست بکەنەوە، کەسانێک وەک یەڵدا یادیدەکەنەوە کە وشەیەکی سریانیە و لە سەدەی چواری زاینیدا سریانیەکان وشەی چلەیان گۆڕی بە یەڵدا و ئەوان دەیانەوێت بیگۆڕینەوە بۆ چلە.

بۆچوونەکان لەسەر شەوی یەڵدا جیاوازن

سروە عوسمان سەرپەرشتیاری گروپی خەیاڵی خانمان بۆ 964+ی باسکرد، شەوی ٢٠ی کانونی یەکیان داناوە بۆ یادکردنەوەی شەوی یەڵدا و ئەگەر بەپێی وەرزەکە بێت شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ە، ئەگەر سەیری نەورۆزیش بکرێت بەهەمان شێوە رۆژی ٢٠ی مانگ یادی دەکرێتەوە، بۆیە ٢٠ی مانگ بۆ بەیانییەکەی وەرز دەگۆڕێت بۆ زستان.