سۆراغ: ڤیدیۆی دروستکردنی برنج لە پلاستیک راست نییە
+964
دیلان محەمەد جەزا
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی لە ئاشێک نایلۆنی کۆن و پلاستیک دەهاڕن، گوایە برنج بەو جۆرە بەرهەم دەهێنرێت، پسپۆڕێکی خۆراک لە قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، ئەو بابەتە راست نییە.
هیوا ساڵح ئەندامی باڵا لە لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964 وت، لە ناوەندە زانستییەکاندا هیچ جۆرە پشکنینێک و توێژینەوەیەک نییە ئەوە پشتراست بکاتەوە کە برنج لە پلاستیک دروست دەکرێت، یان بڕی پلاستیک چەندە لە برنجدا.
وتیشی، ژەمی سەرەکی لە 50%ی دانیشتووانی زەوی برنجە، لە 95%ی ئەو برنجەی بەرهەم دەهێنرێت مرۆڤ دەیخوات.
ئەو دەنگۆیانەی باس دەکرێت، ئاشێکە تایبەت بە بەرهەمهێنانی نایلۆن و پلاستیک، هەروەها مادە هاڕاوەکە دووبارە ریسایکلی بۆ دەکرێت، بۆ دروستکردنەوەی دەنکۆڵەی پلاستیک بەکاردەهێنرێت، نەک شتی دیکە، ئەمە قسەی هیوا ساڵحە.
وتیشی، پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات و ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە.
ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، کە لە ئاشێک نایلۆنی کۆن و پلاستیک دەهاڕن، گوایە برنج بەو جۆرە بەرهەم دەهێنرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا