لە دهۆک
رووداوێکی هاتوچۆ پێکدادانی 13 ئۆتۆمبێڵی لێکەوتەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە رووداوێکی هاتوچۆ لەشاری دهۆک 13 ئۆتۆمبێڵ پێکیاندادا و بەگوێرەی زانیارییەکان زیانی گیانی نییە.
رووداوەکە لەرێگای نێوان دهۆک بۆ سێمێل بووە، بەرامبەر کۆلیژی ئەمریکی.
رووداوەکە لە کاتێکدا بووە ئۆتۆمبێڵێک خۆی کێشاوە بە ستونێکی کارەبا و بارهەڵگرێک لەدواوە کۆنتڕۆڵی لە دەستداوە وخۆی پیا کێشاوە و ئۆتۆمبێڵەکانی دیکە بەدوای ئەو خۆیان بە بارهەڵگرەکە کێشاوە.
یەکێک لەو شوفێرانەی دووچاری رووداوەکە بووە خەڵکی هەولێرە و دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی شەقامەکە تەڕ بووە و دوای باران بوو بۆیە ئەوە روویدا، خۆمان سەلامەتین و ئەوە هەموویەتی”.
لەماوەی دوو مانگی رابردوو بەهەمان شێوە لە هەولێر و سلێمانی دوو رووداوی هاوشێوە روویانداوە، لە 31.7.2023 لە سلێمانی بارهەڵگرێک حەوت ئۆتۆمبێڵی شێلا، لە شەوی 6.9.2023 بارهەڵگرێک لە هەولێر زیانی بە 21 ئۆتۆمبێڵ گەیاند.