دارى به‌ڕوو و مازوو له‌ خانوه‌كان به‌كارهێندراون

شوێنه‌وارێك ده‌یسه‌لمێنێت گه‌لانى زاگروس له‌ پشده‌ر بوون

964+

محەمەد عەلی – پشده‌ر

شوێنه‌وارناسێك ده‌ڵێت، ئه‌نجامى هەڵکۆلینی ناوچەیه‌كی شوێنەوار، ده‌ریخستووه‌ كه‌ گه‌لانى زاگرۆس له‌ پشدەر بوونه‌ و دارى به‌ڕوو و مازووش له‌ خانوه‌كان به‌كارهێندراوه‌.

هه‌ڵكۆڵینه‌كه‌، لەلایەن زانکۆی میونیخی ئەڵمانی، بە هاوبەشی شوێنەواری سلێمانی و راپەڕین ئەنجام دراوە.

به‌کر قاسم، شوێنەوارناسی زانکۆی راپەڕین بە 964ـى وت، لە 19.8.2023 وه‌ دەستمان بە هەڵکۆلین کردووە و ئێستاش کاری هەڵکۆڵینیان کۆتایی پێهاتووە.

ئاشكراى كرد، بیناسازیەکی گەلانی زاگرۆسیان دەستکەوتوە كه‌ لە قوڕ و بەرد  دروستكراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و شوێنه‌ شارەدێیەکی گەورەی ئەوکات بووە.

وتیشی “خانوەکانیان بەشێوازێکی وا دروستکردوە کە بەرگەی سەرمای سەختی ناوچەکە بگرێت، ته‌نانه‌ت داری بەڕوو و مازوو بۆ بنمیچى خانوه‌كان به‌كارهێندراوه‌ له‌ هه‌ندێ ژووره‌كانیش ته‌ندروى لێ دروستكراوه‌ بۆ مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنى خواردن”.

به‌قسه‌ى ئه‌و شوێنه‌وارسه‌، مێژوو ئه‌م شوێنه‌، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و ئەم هەڵکۆڵینەوه‌شیان پشتڕاستی دەکاتەوە کە گەلانی زاگرۆس خاوەنی داهێنان و لەوپەڕی پێشکەوتندا بوونه‌ .

باسی له‌وه‌شكرد، ته‌واوى ئەو پارچە شوێنەواریانەی دۆزراونه‌تەوە، ده‌نێردرێنه‌ شوێنەواری سلێمانی.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن