واژۆ کۆدەکرێتەوە
داوا دەکرێت لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش داشکاندن بۆ پێشمەرگە بکرێت
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
بۆ بڕیاڕدان لە داشکاندنی نرخی نۆرینگە و دەرمانخانە و نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەرێم، بۆ پێشمەرگە و خێزانی خاوەن شەهید و ئەنفالەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ کەمپینی واژوو کۆکردنەوە بەڕێوەدەچێت.
کەمپینەکە لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی رێکخراوە، داوا دەکرێت داشکاندنەکە بەڕێژەی 50٪ بێت و هەروەها بینینی پزیشک و چوونە لای پزیشک بە خۆڕایی بێت.
هەموو واژۆکان بە فەرمی دەدرێت بە وەزارەتی تەندروستی و بڕیارە داواکارییەکە بکرێت بە بڕیارێکی فەرمی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1.10.2023، رەمەزان ئەحمەد، بەرپرسی لقی بەردەڕەش لە دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی بە 964ـی وت، “دەستمان بە کەمپینێکی گەورە کردووە لە 18 لقی دەزگاکە لە سەرانسەری هەرێم، بۆ کۆکردنەوەی واژووی پێشمەرگە و خیزانە شەهیدەکان بۆ ئەوەی داشکاندن بکرێت بۆ گشت پێداویستییە تەندروستییەکان کەوا پێشمەرگە و خێزانەکانی خاوەن شەهید پێویستیانە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، وەکو نەشتەرگەری و پشکنینی نەخۆش و دەرمانخانە و بینینی پزیشک”.
پێداچوونهوه بهكارى لیژنهى پشكنینی پێشمهرگهى بریندار دهكرێت
وتیشی، ئەم کەمپینە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچیت بۆ ماوەی سێ رۆژ، دواتر بە رێکخستنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەموو واژووەکان دەدرێت بە وەزارەتی تەندروستی و دواتر لەلایەن وەزارەتەوە دەکرێت بە بڕیارێکی فەرمی.
“ئەم بریارە لەبەر ئەوەیە پێشمەرگە موچەی کەمە و ریژەکەی ئەوەندە نییە بتوانێت سەردانی ئەم نەخۆشخانانە بکات بۆ چارەسەر، بۆیە بە گرنگمان زانی ئەم بڕیارە بدرێت”، رەمەزان ئەحمەد وای وت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر