گەشتی هەواڵەکان
کڵپەی ئاگرەکەی حەمدانیە جەرگی عێراقییەکانی بە ژان هێنا
964+
ژووری هەواڵ
درەنگانی شەوی رابردوو، ئەو کاتەی نزیکەی هەزار کەس لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی نەینەوا ئاهەنگ و خۆشییان دەگێڕا بۆ هاوسەرگیری حەنین و ئیرڤان، کتوپڕ ئاگر کەوتەوە و تاوەکو ئێستا 100 کەس بۆ 120 کەس گیانیان لەدەستداوە. سەرو 150 کەسیش بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی حەمدانیە بە 964ـی وت، بوک و زاواکە زیندوون، بەڵام لە حاڵێکی زۆر خراپی دەروونیدان.
ئێستا نەخۆشخانەکانی هەولێر و موسڵ و حەمدانیە جمەیان دێت لە خەڵکی سووتاو.
گریان و ناڵەی کەسوکاری ئەو خەڵکەی لە هۆڵەکەدا پێکەوە بوون تا ئاسمان دەڕوات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ رۆژ و پارێزگای نەینەواش شەش رۆژ ماتەمینی گشتیان بەهۆی رووداوەکە راگەیاند.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بە 964ـی وت، نزیکەی 30 برینداری حەمدانیە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان، بەڵام یەکێکیان بەهۆی هەناسەتووندیەوە گیانی لەدەستداوە، ئێستا 20یان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و پێنجیان حاڵیان باش نییە.
بەرگری شارستانی حەمدانیە دەڵێت، بۆیان دەرکەوتووە هۆڵەکە مەرجی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوەی تێدا نەبووە، وا خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن.
قەزای حەمدانیە سەعاتێک لە شاری هەولێرەوە دوورە، دانیشتووانی قەزاکە بە زۆرینەی رەها لە پێکهاتەی مەسیحین.