کارگوزاری نەخۆشخانەکانی راپەڕین کەرتی تەندروستی پەکدەخەن

“پێنج مانگە موچەیان وەرنەگرتووە”

میدیازان – مەجید بتوێنی – راپەڕین

گردبوونەوەی ژمارەیەک کارگوزاری تەندروستی راپەڕین. وێنە – میدیازان

ماوەی پێنج مانگە کارگوزاری نەخۆشخانەکانی دەڤەری راپەڕین مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ بۆ داواکردنی مووچەکانیان گردبوونەوە.

سەرجەم کارگوزارانی نەخۆشخانە گشتییەکانی دەڤەری راپەڕین، کە ژمارەیان 245 کارگوزارە، لەبەرامبەر پێنەدانی مووچەکانیان مانیان گرت و لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی رانیە گردبوونەوەی ناڕەزاییەتییان ئەنجام دا.

بەشێک لە کارگوزارەکان قسەیان بۆ میدیازان کرد، دەڵێن بژێوی رۆژانەیان لەسەر ئەو مووچەیەیە کە بڕەکەی 300 هەزارە و 5 مانگە بەبێ ئەو مووچە کەمە “کارەکانیان بە باشی راپەراندووە.”

کارگوزارەکان مانگانە بڕی 73 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان پێویستە و 367 ملیۆن و 500 هەزار دیناری ئەو 5 مانگەیان لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

کارگوزارەکان لە رێگەی کۆمپانیایەک بە گرێبەست دامەزراون و حکومەت 5 مانگە هیچ بڕە پارەیەکی کۆمپانیاکەی نەداوە.

نوێنەری کۆمپانیای لوتکە، ئالان عەبدوڵڵا بە میدیازانی راگەیاند، “ئێمە پشتیوانی داواکاری رەوای کارگوزارەکانین و چەند جارێک داواکاری کارمەندەکانمان گەیاندووەتەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان.”