سپێرەکانی خانەقین مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و هەڵمەت بۆ پاراستنیان دەکرێت

964+
راژان باجەلان

چالاکوان و چین و توێژە جیاوازەکانی خانەقین داوا دەکەن پارێزگاری لە شوێنەوارەکانی دەڤەرەکە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە هەڵمەتێکیان راگەیاندووە.

ئەمیر خانەقینی یەکێک لە رێکخەرانی ئەم هەڵمەتەیە و بە 964ـی وت، لە ماوەی ئەم سێ مانگەی دواییدا ئەمە دووەمین جارە سپێرەکانی خانەقین هەوڵی لەناوبردنیان بدرێت لە دوو شوێنی جیاواز بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.

ئەو دەڵێت، “بە هەموو هەوڵێکمانەوە دژی ئەو دەستانە دەوەستین کە هەوڵی سافکردنی مێژووی شارەکە دەدەن”.

لە هەندێک شوێنی خانەقین گومبەتی بچووک دەبینرێت. لە ژوورێکی تەسک پێکهاتوون کە دەرگا و سێ پەنجەرەی بچووکیان هەیە.

بەو گومبەتانە دەوترێت سپێر، بەپێی گێڕانەوەکان، لە سەرەتای سەدەی رابردوو بە مەبەستی سەربازی بەکارهاتوون، گوایە لەسەر دەستی سوپای ئینگلیز دروستکراون.

مێژووناسەکان پێیانوایە پێشتر لە سەردەمی عوسمانییەکان گومبەت دروستکراوە و دواتریش حکومەتی عێراقی دروستیکردووەتەوە.

لە پاش رووخانی رژێمی بەعس و فراوانبوونی شاری خانەقین بەشێک لە گومبەتەکان دیارنەماون، هەروەها ئەوانەی ئێستا ماونەتەوە پشتگوێخراون.

لەسەر ئەم بابەتە، ئەحمەد عەبدولجەبار بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دیالە بە 964ـی وت، پاراستنی ئەو شوێنەوارانە ئەرکی ئەوانە و بە زووی تیمەکانیان رەوانە دەکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.

سپێرەکانی خانەقین نیشانەی دێرینی شارەکەن

سپێرەکانی خانەقین نیشانەی دێرینی شارەکەن