ئەمڕۆ ئایفۆن 15 دەگات

964+
ژووری هەواڵ

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ئایفۆن 15 بگاتە هەرێمی کوردستان، تەنیا لە سلێمانیش سەرو 500 کەس ناویان نووسیوە بۆ کڕینی.

ئایفۆن 15ش هەروەکو ئایفۆنەکانی تر بە چەندین قەبارەی جیاواز دەبێت و نرخی لە 1300 دۆلارەوە دەست پێدەکات و تاوەکو 2300 دەڕوات.

رەنج محەمەد وتەبێژی کۆمپانیای ئەسێ لە سلێمانی بە 964ـی وت، “تا ئەم ساتە نزیکەی 500 کەس ناوی نووسیوە، بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن ئایفۆن 15 بکڕن، بەردەوام هاوڵاتی زیاتر سەردان دەکات بۆ ئەوەی ناو بنووسن”.

بۆ رۆژی شەممە، ئایفۆنی ئەکتیڤکراو بڵاودەبێتەوە و نرخی 200 دۆلار کەمترە، رەنج محەمەد وتی، “ئەوانە مۆبایلی دەستی دوون، بەڵام خراونەتەوە ناو پاکەت و کەپس کراونەتەوە”.

بۆچی ئایفۆن شاحینەکەی کرد بە تایپ C؟

بۆچی ئایفۆن شاحینەکەی کرد بە تایپ C؟

ئەو مۆبایلانە تەنیا گەرەنتی وڵاتی چین دەیانگرێتەوە، ئەو وتەبێژەی کۆمپانیای ئەسێ ئەوەی وت، “بە نمونە بریکارێکی ئەپڵ لە وڵاتی چین، پێویستە دوو هەزار مۆبایل بفرۆشێت تەنیا هەزار دانەی بۆدەفرۆشرێت لە ماوەی 25 رۆژدا، ئەوانەی نەفرۆشراون کارمەندەکانیان ئەکتیڤی دەکەن و دەیخەنەوە ناو پاکەت و رەوانەی بازاڕی دەکەنەوە”.

پێشتر لە دوو رۆژی نمایشکردنی ئایفۆنە تازەکە، نرخی ئایفۆن 14 و 14 پڕۆ ماکس لە چین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، کە بۆ هەر دانەیەکیان نزیکەی 85 بۆ 135 دۆلار بوو دابەزینەکە.

نرخی پێشووی ئایفۆن 14 لە چین بە 826 دۆلار بوو، ئێستا نرخەکەی بووەتە 740 دۆلار، هەروەها نرخی ئایفۆن 14 پڕۆ ماکس پێشتر بە 962 دۆلار بووە و ئێستا بووەتە 824 دۆلار.