ئایا شەقامی تایبەت بە پایسکیل لە هەولێر دروست دەکرێت؟
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
بیرۆکەی دروستکردنی دیزاینی شەقامێک بۆ پایسکیل لەلایەن پارێزگای هەولێر و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە خراوەتەڕوو، بەڵام هێشتا جگە لە پێشنیازێک هیچی دیارنییە.
964 زانیویەتی ئەو دیزاینەی پێشنیاز کراوە، بۆ ناوەندی شەقامی 120 مەتری بووە، بەجۆرێک هێڵێکی جیاکەرەوەی تایبەت بە پایسکیل دەبێت.
لەسەر ئەم پرسە 964 پەیوەندی بە فازل حاجی کرد، ئەو وتەبێژی هاتوچۆی هەولێرە و وتی، “هیچ زانیارییەک ناخەینەڕوو لەسەر ئەم شەقامە، بەڵام کارێکی ناوازە و جیاواز دەبێت لەهەموو عێراق و هەرێمی کوردستان”.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ 964 وتی، ئەو پڕۆژەیە بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە، لەبەرئەوەی دیراسەی کرا، دەرکەوت لەسەر شەقامی 120 مەتری مەترسیەکانی زۆرن.
رۆژی یەکشەممە 8.5.2023 پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لیژنەی رێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتوچۆ کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیە باسی دروستکردنی هێڵی پایسکیل کرا بوو بۆ شاری هەولێر، دوای کۆبوونەوەکە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بۆ 964 وتی، “نیاز وایە شەقامێکی تایبەت بە پایسکل دروست بکرێت”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی