وەزارەتی کارەبا: نرخی یەکەی کارەبای سیتیەکان دەبێتە 100 دینار
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لەمەودوا بۆ هەر کیلۆواتێک کارەبای نیشتیمانی 100 دینار لە هاوبەشی ناو سیتیەکان وەردەگیرێت، لەکاتێکدا پێشتر 156 دینار بوو.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، دوای وەرگرتنەوەی فیدباکی خەڵک ئەم بڕیارەیان داوە.
وتیشی، بڕیارەکە بەجۆرێکە کە پاڵپشتی بۆ کارەبای سیتیەکان دابین دەکرێت و لە یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە جێبەجێی دەکەن.
پاڵپشتی بۆ کارەبای سیتیەکان زیادکرا
کارەبای سیتیەکان بە (تێچووی زۆر – High Cost) ناسراون و پاڵپشتی زۆر نەدەکران لەلایەن وەزارەتی کارەباوە، بەڵام وتەبێژەکە دەڵێت، پاڵپشتییان بۆ کارەبای سیتییەکان بەرزکردووەتەوە تاوەکو نرخەکەی دابگرن.
دیاریکردنی نرخی یەکەی کارەبای سیتیەکان بە 156 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک ناڕەزایی زۆری لەناو دانیشتووانی سیتیەکاندا دروستکرد، لە بەشێک لە شارەکان گردبوونەوە و ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، هەروەها داوای دابەزاندنی نرخەکەیان دەکرد.
ئەی کارەبای ماڵان چۆنە؟
ئومێد ئەحمەد باسی لەوە کرد، کارەبای ماڵان وەکو خۆیەتی و گۆڕانکاری تێدا نەکراوە، کە بۆ هەر کیلۆواتێک 18 دینار دانراوە و بەپێی خەرجکردن زیاد دەبێت.
پەیوەندی بە سیستمی پریپەیدەوە هەیە
هاوینی ئەمساڵ، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر پڕۆژەی پریپەید دەکەن و بەهۆی سیستمەکەوە کارەبای بەردەوام بۆ هەندێک شوێن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابینکراوە، بەهۆیەوە هاوڵاتی تەنیا یەک گوژمە کرێی کارەبا دەدات.
باسی لەوەشکردبوو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 185 مۆلیدەی گەورەی یەک تا دوو مێگاواتی بەهۆی پرۆژەی پریپەیدەوە لە کار وەستاون و کاریگەرییان لەسەر پاراستنی ژینگە هەبووە.