فەیسبوک و ئینستاگرام

سەحە شینەکە بۆ کۆمپانیا و رێکخراوەکانیش بووە پارە

+964
عادل کانەبی

کۆمپانیای مێتا بە فەرمی رایگەیاند، ئەکاونتی بزنس و پەیجەکان دەتوانن لەمەودوا بە بڕێک پارەی مانگانە ببنە خاوەن سەحە شینەکە.

دوای ئەوە لە ماوەی رابردوو کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارییەتی فەیسبوک و ئینستاگرام دەکات رایگەیاند، بەکارهێنەرانی هەردوو پلاتفۆڕمەکە دەتوانن بە پێدانی بڕیك پارەی مانگانە لە 11.99 تا 14.99 دۆلاری مانگانە ببنە خاوەنی سەحە شینەکە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەکاونتی کەسی بوو، واتا کۆمپانیا و دامەزراوەکان لەو خزمەتگوزارییە بێبەش بوون .

شەوی رابردوو کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، کۆمپانیا و رێکخراوەکان ئێستا دەتوانن ببن بە خاوەنی سەحە شینەکە و ئەکاونتەکانیان ڤێریفای بکەن بە پێدانی بڕیک پارەی مانگانە

بە گوێرەی زانیارییەکان، نرخی پاکێجەکانی مێتا بۆ کۆمپانیا و رێکخراوەکان بەم شێوەیە: بۆ ئەکاوەنتی فەیسبووک و ئینستاگرام نرخەکەی لە 21.99 دۆلار دەستپێدەکات، ئەگەر بەشداری پاکێجی مێتا بکەیت کە بۆ هەردوو ئەکاونتی فەیسبوک و ئیسنستاگرامە، نرخەکەی لە 34.99 دۆلار دەستپێدەکات.

ئەم هەنگاوەی مێتا دوای هەنگاوەکەی کۆمپانیای ئێکس “تویتەری پێشوو” دێت، کە چەند پاکێجێکی بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکە خستە بەردەست، ئەویش بریتیبوو لە پێدانی سەحە شینەکە بەرامبەر بە بڕێک پارەی مانگانە، کە نرخەکانی لە 11.99 دۆلارەوە دەستیپێدەکرد.