په‌یمانگایه‌كى تایبه‌ت بە پێشنوێژ و وتارخوێنان ده‌كرێته‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ پەیمانگه‌ی پێشنوێژ و وتارخوێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٢-٢٠٢٣ قۆناغى یه‌كه‌م تیایدا بخوێنن، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافیش ده‌ڵی “بۆ زیاتر به‌هێزكردنى بواره‌كانى وتارخوێنی و پێشنوێژى ئه‌و په‌یمانگایه‌ دادەمه‌زر‌ێ.

نه‌به‌ز ئیسماعیل كه‌مال، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى به‌ +964ـی راگه‌یاند؛ دامه‌زراندنى ئه‌و په‌یمانگایه‌ وه‌ك پێویستییه‌كى زانستى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافه‌، بۆ ئه‌وه‌ى‌ له‌مه‌ودوا وتاربێژی گرنگ و مه‌ده‌نى و ئه‌كادیمى پێبگه‌یه‌نین.

+964 دەزانێت، په‌یمانگاى پێشنوێژو وتارخوێنان، وه‌ك ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی به‌ كوالێتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى و به‌ ئیداره‌دانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.

نەبەز ئیساعیل، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ده‌رچووانى ئاماده‌یی به‌پێی چه‌ند رێنماییه‌ك، له‌و په‌یمانگایه‌ وه‌رده‌گیرێن، ماوه‌ى دووساڵ ده‌خوێنن و ده‌رچووان ده‌بنه‌ پێشنوێژ و وتارخوێن.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و په‌یمانگایه‌ له‌ ئه‌نجامى كه‌موكوڕى له‌ بوارى وتاربێژى و پێشنوێژى له‌هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرابێ، به‌ڵكو وتى “ئه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوون و هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و زیاتر به‌هێزكردنى توانى وتاربێژى و پێشنوێژى له‌ هه‌رێمی كوردستاندا”.

له‌باره‌ى پڕۆگرامه‌كانى خوێندنیش له‌و په‌یمانگایه‌ وتى “پڕۆگرامی خوێندن له‌و په‌یمانگایه‌ بریتییه‌ له‌ مه‌نهه‌جێكی شه‌رعی و زانستى و ده‌روونى و نیشتمانى و كوردۆلۆجی، له‌ دوو قۆناغ پێكدێت و بڕوانامه‌شیان ده‌بێته‌ دبلۆم” .

قوتابیان ده‌توانن له‌ پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی له‌هه‌ردوو به‌شی وێژه‌یی و زانستى بچنه‌ ئه‌و په‌یمانگایه‌ و رێنمایی تایبه‌تیش بۆ وه‌رگیرانیان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافیش دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ “بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٢-٢٠٢٣ قۆناغى یه‌كه‌مى ئه‌و په‌یمانگایه‌ ده‌خوێنن و به‌م زووانه‌ به‌فه‌رمى ئه‌و په‌یمانگایه‌ ده‌كرێته‌وه‌”.