حەوت قوتابخانە لە لێواری رووخاندایە کەچی قوتابی دەوامی تێدا دەکەن

964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ

حەوت بینای قوتابخانە لە قەزای پشدەر دەبێت بڕوخێندرێن، چونکە لیژنە 10 ساڵ پێش ئێستا بڕیاری رووخانیان داوەتە لایەنە ئیدارییەکانی ناوچەکە، بەڵام ئێستاش بەشێکیان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.

لە سنوری قەزای پشدەر 175 ناوەندی خوێندن بوونی هەیە، کە دابەشبوون بەسەر 115 بینای خوێندن، 107 بینا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

مەحمود حسێن بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر بە 964ی وت، “چارەکە سەدەیەکە بیناکان دروستکراون، بەو هۆیەوە کۆن بوون بەشێکیان شەق بوون و درزیان بردووە، لە ساڵی 2014ـوە نەتوانراوە نۆژەنبکرێنەوە”.

لە پشدەر حەوت بینای خوێندن، پێویستە لە بناغەوە دروستبکرێنەوە، بەوتەی مەحمود حسێن بێت، “بەهۆی کۆنی و خراپی و مەترسی داڕمان  لە هەندێک بینادا سوودمان لە  کابینە وەرگرتووە بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن، وەهەندێک بیناش نۆژەنکردنەوەی سەرەتایی بۆ کراوە، بەڵام ئەوانە چارەسەری کاتین”.

پشدەر پێویستی بە 15 بینای نوێ هەیە، ساڵی 2020 بۆ 2021، یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخانکرا، بۆ هەردوو پەروەردەی رانیە و پەروەردەی  قەڵادزێ، لەو بڕە پارەیە لە ٪10ی پارەکە خەرجکرا، ئەویش تەنیا بۆ نۆژەنکردنەوە بەکارهێنراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

شوێنەوارێکی تەمەن 1200 ساڵە لە زاخۆ نۆژەندەکرێتەوە

شوێنەوارێکی تەمەن 1200 ساڵە لە زاخۆ نۆژەندەکرێتەوە